لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو، تاران وەك كارتێكی گوشار گەرووی هورمزی داخست، كە زۆرینەی نەوتی عێراق لەو رێگەیەوە هەناردە دەكرێت، ئەوەش وای كرد بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق نزیكەی 80% كەم بكات، ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە عێراق و پاكستان لەگەڵ ئێران بۆ گواستنەوەی نەوت و غاز رێك كەوتوون.
ئاژانسی
"رۆیتەرز"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە كە عێراق و پاكستان رێككەوتنێكی سەرەتاییان لەگەڵ ئێران كردووە بۆ گواستنەوەی نەوت و غازی شل لە رێگەی كەنداوەوە، بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق كە لە رێككەوتنەكە ئاگەدارە گوتی، ئێستە عێراق كار لەسەر وەرگرتنی رەزامەندیی ئێران دەكات بۆ زیادكردنی ژمارەی كەشتییە نەوتبەرەكانی كە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.
زیاتر گوتی، عێراق هاوپەیمانێكی نزیكی ئێرانە و هەر داڕووخانێكی ئابووریی عێراق زیان بە بەرژەوەندیی ئابوورییەكانی ئێران لە عێراق دەگەیەنێت، هاوكات بەرپرسێكی تری وەزارەتی نەوتی عێراق و سەرچاوەیەك لە كەرتی بار، دووپاتیان لە بوونی گفتوگۆكان كردەوە.
ئەمڕۆ سێشەم ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان هەندێك زانیارییان لە سەر كەشتییەكی نەوتی عێراق بڵاو كردووەتەوە، لەوانە "سی بی ئێس"، كە چاودێریی جووڵەی دەریاوانی دەكات، كە كەشتییەكی نەوتی عێراق گەیشتووەتە دەریای عومان، بەڵام بەرەو كەنداوی عەرەبی گەڕاوەتەوە.
لای خۆیەوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی "بلۆمبێرگ"، بڵاوی كردەوە كە كەشتییە نەوتییەكەی عێراق لە گەشتەكە وەستاوە كاتێك گەیشتووەتە شوێنێك هێزی ئەمەریكی تیادا كۆبووەتەوە.