ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ چوارشەم ئاشكرای كرد، ئەو بڕە نەوتەی ئێستە دەگاتە بازاڕەكانی دنیا، ناتوانێ پێویستییەكان پڕ بكاتەوە و داواكاری و خواست بۆ كڕینی نەوت زۆرە و بڕەكەیشی لە بازاڕدا كەمە، هۆكاری ئەمەیشی بۆ داخستنی گەرووی هورمز لە ئەنجامی شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران گەڕاندەوە.
لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ئاشكرای كردووە، لەگەڵ بەردەوامی پەككەوتنی جووڵەی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز، زیانەكانی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت زیادی كردووە و گەیشتووەتە ملیارێك بەرمیل، ڕەوانەكردنی 14 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیش لە كەنداو وەستاوە و چیتر ناگاتە بازاڕەكان، ئەمەیش بازاڕی وزەی تووشی كێشەی گەورە كردووە.
ئاماژەی داوە، بە ڕوانین لەو دۆخەی ئێستە ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن، تا چارەكی سێیەمی ئەمساڵ جووڵەی كەشتیوانی هەنگاو بە هەنگاو لە گەرووی هورمز ئاسایی دەبێتەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەكانی ئاژانسەكە، ڕۆژانە 1.78 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕ كەمترە لەو بڕەی داوای لەسەرە، بە بەراورد بە بڕی زیادەی 410 هەزار بەرمیل لەگەڵ مانگی ڕابردوو و چوار ملیۆن بەرمیل بە بەراورد مانگی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری ساڵی ڕابردوو، واتە لەو كاتەدا ئەو بڕە زۆرەی نەوت زیاتر بووە لەوەی پێویستە و خواست و داواكاری كڕینی لەسەرە.
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا هێما بۆ ئەوە كراوە، گەیشتنی نەوت بە بازاڕەكان لەمساڵ تا 3.9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا كەم دەكات، لە كاتێكدا پێشتر پێشبینی كرابوو تا ئاستی 1.5 ملیۆن بەرمیل كورتهێنان دروست ببێت، كەچی ئێستە گەیشتووەتە 1.78 ملیۆن بەرمیل.
لەبارەی خواست و داواكاری كڕینی نەوت و هەڵبەز و دابەزی لەمساڵدا، ئاژانسەكە نووسیویەتی، ئەمساڵ داوای كڕین 480 هەزار بەرمیل كەم دەبێتەوە، لە كاتێكدا پێشبینی كرابوو تەنیا 80 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا كەم ببێتەوە.
بەكاربردنی نەوت و بەرهەمەكانی ڕووبەڕووی گوشارێكی زۆر بووەتەوە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی نەوت، وەستانی گەشەی ئابووی و بەردەوامیی گرژی و ململانێكان لە گەرووی هورمز.