بۆ رێگریی لە تای خوێنبەربوون حكوومەتی هەرێم بۆ هەر پارێزگا 100 ملیۆن دینار تەرخان دەكات

:: PM:01:51:13/05/2026 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ ئاشكرای دەكات، ئامادەكارییەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون دەست پێ كردووە، بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ نزیكەی 100 ملیۆن دینار بۆ كڕینی دەرمان تەرخان كراوە.

ڕابەر محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەمساڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 100 ملیۆن دیناری بۆ هەریەك لە ئیدارە سەربەخۆكان و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ كڕینی دەرمان تەرخان كردووە. دەشڵێت، "پارەكە ڕاستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاكان بۆ ئەوەی پرۆسەی كڕینی دەرمانەكان دوا نەكەوێت".

بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری گوتیشی، "بەشێكی شوشتن و دەرزی لێدانی ئاژەڵەكانمان لەمانگی ڕابردووەوە دەست پێ كردووە، بەردەوام دەبین تا هەموو ئاژەڵەكان دەشۆرێن، چونكە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون زیاتر دەبێت".

بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری دڵنیایی دایە هاونیشتمانیان و گوتی، "تا ئێستە هیچ تووشبوونێك لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە، بەڵام ئەم رێكارانە وەك ئامادەكاریی پێشوەختەن".

بەگوێرەی ئامارەكان، ساڵی ڕابردوو لەم وەرزەدا، 11 كەس لە هەرێمی كوردستان تووشی تای خوێنبەربوون بوون. سێ كەس لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و شەش كەس لە هۆك كە سێـیان گیانیان لە دەست دا. هەروەها لە كەركووكیش پێنج كەس تووشی پەتاكە بوون و چوار كەسیان گیانیان لە دەست دا.




وشە - سۆران عەزیز