گرژییەكان نرخی نەوتیان زیاتر بەرز كردەوە

:: AM:10:47:18/05/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم لەگەڵ كرانەوەی بۆرسەی دنیا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی، ئەمەیش لە ئەنجامی بۆردمانكردنی وێستگەی وزەی ناوكی بەراكە لە ئیمارات و ئەگەری دووبارە هێرشكردنەوە بۆ سەر ئێران لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە و نەمانی هیوای گەیشتنە ڕێككەوتنی هەردوولا لە ڕێی دانوستان و گفتوگۆی دیپلۆماسییەوە.

بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوتی خامی برنت دۆلارێك و 44 سەنت و بە ڕێژەی 1.32% بەرز بووەوە و بەرمیلێك بە 110 دۆلار و 70 سەنت فرۆشرا. ئەمەیش بەرزترین نرخە كە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو تۆمار كرابێت، هاوكات نرخی نەوتی ئەمەریكا دۆلارێك و 84 سەنت و بە ڕێژەی 1.74% بەرز بووەوە و بەرمیلێكی گەیشتە 107 دۆلار و 26 سەنت.

ئەو بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت بە بڕوای شارەزایان، هۆكارەكەی بۆ هێرشەكەی ئێران بۆ سەر وێستگەی بەراكە بۆ وزەی ناوكی لە ئیمارات و هەڕەشەكان و زانیاری لەسەر ئامادەكارییەكان، بۆ دەستكردنەوە بە بۆردمانكردنی ئێران و كۆتاهێنان بە ئاگربەست و سەرنەكەوتنی هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لە ڕێی گفتوگۆ و دانوستانەوە دەگەڕێتەوە.

جیا لەوەیش مانەوەی گەرووی هورمز بە داخراوی و هەڕەشە و پەلامار بۆ سەر كەشتییە نەوتگوێزەرەوەكان و كەمبوونی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەهۆی نەگەیشتنی نەوتی وڵاتانی كەنداوەوە، هەموو ئەمانە وایانكردووە كە نرخی نەوت بەردەوام ڕوو لە بەرزبوونەوە بێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د