لە هەر چوار وەرزەكەدا هاوردەكردنی هەنگ و هەنگوین بۆ هەرێم قەدەغە كرا

:: AM:09:23:21/05/2026 ‌
بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی هەنگەوانی لە كوردستان، وەزارەتی كشتوكاڵ هاوردەكردنی هەنگ و هەنگوینی لە هەر چوار وەرزەكە قەدەغە كرد".

 كوردستان لە بواری هەنگەوانی و بەرهەمەكانی پێویستی بەدەرەوە نەماوە و ئێستە زیاتر لە 10 هەزار هەنگەوان هەن، ساڵانە رێژەیەكی زۆری هەنگوین بەرهەم دێنن، بەڵام بەهۆی هێنانی هەنگ و هەنگوینی ئێرانی و وڵاتانی ترەوە، زیانی زۆریان بەركەوتبوو و كارەكانیان پێشكەوتنی بەخۆوە نەدەبینی.

لەمبارەیەوە هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رای گەیاند: "بۆ پشتگیریكردنی هەنگەوانان و بواری هەنگەوانی و ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، هاوردەكردنی هەنگوین لە دەرەوە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا بە هەموو شێوەیەك قەدەغە كراوە.
 
بەهۆی هەڵكەوتەی جیۆگرافیی كوردستان و فێنكیی بەشێكی زۆری ناوچەكانی و بوونی چیا و دەشت و گردێكی زۆر لە كوردستان، بەیەكێك لە باشترین شوێنەكانی دنیا بۆ بواری هەنگەوانی دەبینرێت، بۆیە ئەگەر وەزارەتی كشتوكاڵ بەشێوەیەكی زانستی مامەڵە لەگەڵ ئەو بوارەدا بكات، زۆرترین و باشترین بەرهەم دەخرێتە بازاڕەوە و دەكرێت لە ساڵانی داهاتووشدا بۆ وڵاتانی دەرەوە بنێردرێت.

پێشتر مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، هەنگوینی كوردستانی بۆ وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت ئیمارات هەناردە كرد و ئێستە بەشێك لە هەنگوینی هەرێم بۆ ئیمارات دەچێت. 



وشە - سۆران عەزیز