هەڵوێستی ئێران لەبارەی یۆرانیۆمەكەی نرخی نەوتی هەڵكشاند

:: PM:05:30:21/05/2026 ‌

یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی ململانێ و دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا، یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی ئێرانە، واتە 440 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60% كە نزیكە لە ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، ئەمڕۆ رابەری باڵای ئێران رەتی كردەوە یۆرانیۆمەكە رەوانەی دەرەوە بكرێت، ئەوەش نرخی نەوتی لە بازاڕەكان هەڵكشاند.

ئەمڕۆ پێنجشەم نرخی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە 2% بەرز بووەوە و نرخی بەرمیلێكی 107 دۆلاری تێپەڕاند، ئەوەش دوای راپۆرتێكی ئاژانسی "رۆیتەرز" بەوەی ئێران رەتی دەكاتەوە وەك ئەمەریكا داوای كردووە یۆرانیۆمەكەی بچێتە دەرەوەی ئێران، ئەوەش پەرەسەندنێكی جیۆسیاسییە و ترسی لەناو بازاڕەكان دروست كردووە لە ئەگەری شكستهێنانی دانوستانەكان و زیادبوونی مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕ و زیادبوونی هەڕەشە لەسەر گەیشتنی نەوت بۆ بازاڕەكان. 

ئەمڕۆ پێنجشەم ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی لە چەند سەرچاوەیەكی گواستەوە كە موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران رێنوێنی داوە بەوەی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران رەوانەی دەرەوە نەكرێت، كە ئەمەریكا بە مەرجێكی سەرەكی لە پێشنیازەكانی بۆ هەر رێككەوتنێكی وەستانی شەڕ دادەنێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەو هەڵوێستەی ئێران، ببێتە هۆی دەمارگرتن و توڕەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل