تا ئێستە داهاتی نەوتی عێراق دەچێتەوە بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا و پارەی نەوتەكە بە دۆلار لە رێگەی ئەمەریكاوە بە عێراق دەگات، بەهۆی وابەستەیی عێراق بە ئەجیندا و سیاسەتەكانی ئێرانی نەیار بۆ ئەمەریكا، مەترسیی هەیە بابەتی هاتنی دۆلار لە ئەمەریكاوە ببێتە ئامرازێكی گوشاری واشنتن بەرانبەر بە عێراق، شرۆڤەكارێك دووپاتی دەكاتەوە كە لە سەردەمی حكوومەتی عەلی زەیدی ئەمەریكا دۆلار لەسەر عێراق ناگرێتەوە.
عادل مانیع شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە لە سەردەمی حكوومەتی عەلی زەیدی، ئەمەریكا رێگری لە هاتنی دۆلار بۆ عێراق ناكات، ئەوەش بەهۆی بوونی پێوەندی و وابەستەیی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریكا كە دەبێتە گوشار بەرانبەر بە هاتنی دۆلار بۆ عێراق.
روونی كردەوە، قسەكردن لەبارەی دروستبوونی هاوپەیمانیەتێكی نوێ لە زیاتر لە 140 پەرلەمانتار لە پەرلەمان، ئێستە شتی وا نییە، زیاتر لە لێكگەیشتن و كاردانەوەیەكی سیاسییانە بەرانبەر بەوەی لە دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتی عەلی زەیدی نییە، دۆخی ئێستەی سیاسی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەك جیاوازییەك وەسف بكرێت، ئەگینا زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان دۆخەكە بەرەو تەواوكردنی كابینەی زەیدی هان دەدەن.
دوێنێ چوارشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگ و نائاسایی لە نووسینگە هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر و بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی سیاسی و تەواوكردنی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق ساز كرد.
لە كۆبوونەوەكە بەشداران پیرۆزباییان لە سەرۆكی حكوومەت كرد بەبۆنەی متمانەوەرگرتن لە پەرلەمان و هیوای سەركەوتنیان بۆی خواست، دووپاتیان لە یەكپارچەیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و كاری هاوبەش بەمەبەستی سەقامگیریی سیاسی كردەوە، چوارچێوەكە بڕیاری تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی نوێی لە دوای پشووەكانی جەژنی قوربان بەپێی بەركەوتە و لێكگەیشتن و رێككەوتنەكان دا.