ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچە پێش جەژنی قوربان تەواو دەکرێن

:: AM:10:55:22/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2026، وەزارەتی داراییی حكوومەتی فیدراڵ بڕیاری دا دەوامی فەرمی لە هەردوو ڕۆژی پشوو (هەینی و شەموو) بەردەوام بێت، بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی دابینکردن و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان پێش هاتنی جەژنی قوربان.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتەکە کە ئاراستەی دامەزراوەکانی خوارەوەی خۆی کردووە، بڕیار دراوە فەرمانگەکانی کارگێڕی و دارایی، فەرمانگەی بودجە، فەرمانگەی ژمێریاری و سەرجەم بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی، لە ڕۆژانی هەینی و شەموو (22 و 23ی ئایار) دەوامی فەرمییان هەبێت.

لە نووسراوەکەدا هاتووە کە ئەم بڕیارە لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری داراییە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ڕاپەڕاندنی کارەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی مووچە پێش جەژن. هەروەها دووپات کراوەتەوە کە دەبێت سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگە و بانکانە، بەتەواوی پابەند بن بە ئامادەبوون لە دەوامدا بەپێی کاتی دیاریکراوی فەرمی.

جێگەی ئاماژەیە، پێشووتر وەزیری دارایی عێراقی فیدراڵ ئەوەی راگەیاندبوو كە وەك تەیف سامی نابێت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوكاتی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دابەش دەكات. 





وشە - پۆڵا مەحموود