چوارچێوەی هاوئاهەنگی کاتی ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان ئاشکرا دەکات

:: AM:11:06:22/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2026، قەیسەر جۆرانی پەرلەمانتار و سەرکردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کاتی گەییشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026ی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشکرا کرد، و پێشبینی کرد لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران یان سەرەتای مانگی تەمووز ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

جۆرانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ناوەڕاستی مانگی داهاتوو (حوزەیران) یان سەرەتای مانگی تەمووز، دەبێتە کاتی فەرمیی گەییشتنی بودجە لە حكوومەتەوە، دوای ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ لەسەر بڕگەکانی دەدرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هێزە سیاسییەکان سوورن لەسەر تێپەڕاندنی خێرای بودجە، لەپێناو ڕەخساندنی دەرفەت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە دابینکردنی مووچە و تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانەکان.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە کە حكوومەت داوای لێ کراوە پەلە بکات لە تەواوکردنی ڕەشنووسی بودجە و ناردنی لە ماوەی دیاریکراودا، بۆ ئەوەی ئەمساڵ بەبێ پەسەندکردنی تێپەڕ نەبێت، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی پەکخستنی ڕاستەوخۆی جومگەکانی خەرجی و بەرنامەکانی حكوومەت.

پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا جموجووڵێکی سیاسی و پەرلەمانی دەست پێ بکات بۆ ئامادەکردنی زەمینەی یاسادانان بە مەبەستی تاوتوێکردنی بودجە هەر کە گەییشتە پەرلەمان، ئەوەش لە کاتێکدایە کە وەزارەت و پارێزگاکان پێویستیان بە خەرجکردنی پارەیە بۆ پلانە کارپێکردن و وەبەرهێنانەکانیان.

ئەم هەنگاوانەش لە کاتێکدان کە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت بەهۆی دواکەوتنی بودجەی پێشوو، گۆڕانکاری لە داهاتی نەوت، و کاریگەرییەکانی داخرانی بەردەوامی گەرووی هورمز بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئێران، ئەمەریکا و ئیسرائیل، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هێڵەکانی دابینکردن و خەرجییەکانی حكوومەت هەبووە.


وشە - پۆڵا مەحموود