ڤێتێرنەری سلێمانی: ماسی "ڕەحمە" قەدەغەیە و بۆ خواردن شیاو نییە

:: AM:11:49:23/05/2026 ‌
لە ئەنجامی گەڕان و بەدواداچوونی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی، لە ناو كۆگەیەكدا دەست بەسەر بڕی 500 كیلۆگرام ماسیی براندی "ڕەحمە"دا گیرا. بەپێی ڕێنوێنییە فەرمییەكان، هاوردەكردن و فرۆشتنی لە بازاڕەكاندا بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

بەپێی نووسراوی فەرمیی وەزارەتی كشتوكاڵ، هاوردەكردنی ماسی لە ڤێتنامەوە بە تەواوی قەدەغەیە. هۆكاری ئەم بڕیارەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو جۆرە ماسییانە، بە كانزای زیانبەخش پیس بوون و بۆ خواردن شیاو نین، چونكە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ دروست دەكەن.

لەمبارەیەوە ڤێتێرنەری سلێمانی داوای لە هاووڵاتییان دەكات لە پێناو پاراستنی تەندروستیی خۆیان، ئاگاداری جۆری ئەو ماسییانە بن و هیچ جۆرێك ماسی بەستووی ڤێتنامی نەكڕن. 

دووپاتیشی كردەوە كە لە هەر ماركێت، فرۆشگە یان كۆگەیەكدا ئەو جۆرە ماسییە ببینرێت، دەستبەجێ دەستی بەسەردا دەگیرێت و لەناو دەبرێت، جگە لەوەش خاوەنی شوێنەكە ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند دەكرێتەوە.



وشە - سۆران عەزیز