رۆژانی جەژن لە سلێمانی غاز دابەش ناكرێت و ئەمڕۆ قەرەبوویان دەكرێتەوە

:: PM:12:17:26/05/2026 ‌
لە سلێمانی بۆ رێگریكردن لە كەمیی غاز لە رۆژانی جەژندا، ئەمڕۆ بڕێكی زۆر غاز دابین كرا، سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگەكانی غازیش دەڵێت، كارگەكان تا چوارەم ڕۆژی جەژن دەوەستن.

بەهۆی ئەوەی كارگەكانی غاز لە رۆژانی جەژن لە كاركردن دەوستن، لە سلێمانی بڕێكی زۆری غاز بەرهەم هاتووە تا رۆژانی جەژن، قەیرانی غاز بۆ هاووڵاتییان دروست نەبێت.

لەمبارەیەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگەكانی غاز لە سلێمانی بەمیدیای یەكێتی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ 12 كارگەی غاز كاریان كردووە و زیاتر لە20 هەزار بوتڵ غازیان خستووەتە بازاڕەوە.

كۆچەر تاهیر سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگەكان ئاشكرای كرد كە لە سێ ڕۆژی یەكەمی جەژنی قورباندا، بریكارەكانی دابەشكردنی غاز كار ناكەن و بوتڵ ناگەڕێننەوە ناو گەڕەكەكان. 

لەبارەی چێشتخانە و هۆتێل و نانەواخانەكان كە رۆژانی جەژنیش پێویستیان بەغازە،  كۆچەر تاهیر دووپاتی لەوە كردەوە، تەواوی بریكارەكانیان ڕاسپاردووە كە بڕی پێویست و زیادە لە بوتڵی غاز بۆ نانەواخانە، فڕنەكان و چێشتخانەكان دابین بكەن تا رۆژانی جەژن بێ غاز نەبن.




وشە - سۆران عەزیز