مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەستی خوێندنی باڵا و پەروەردە دابەش دەكرێت

:: PM:03:28:30/05/2026 ‌
وەك بە فەرمانبەرانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە راگەیەنراوە، ئەم هەفتەیە مووچەكانیان دابەش دەكرێت. 

ئەمڕۆ شەموو 30ی ئایار، محەمەد نەجیب نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەستی خوێندنی باڵا رای گەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنیان داوە كە لەم هەفتەیەدا مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بكەن.

ئەم مانگە بەغدا نزیكەی 70 ملیۆن دیناری كەمتر لە شایستەی دارایی بۆ مووچە ناردووە، پڕكردنەوەی ئەم گوژمە پارەیەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دروست كرد و ئەوان پێش جەژن مووچەیان وەرنەگرت. 

زیاتر لە  42  هەزار مامۆستای گرێبەست لە هەرێمی كوردستاندا هەن، كە لەو ژمارەیە 37 هەزار و 393، مامۆستایان سەر بە وەزارەتی پەروەردەن و چوار هەزار و 100 مامۆستاكەی تریش سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستین، كۆی گشتیی خەرجیی مانگانەی مووچەی ئەم مامۆستایانەش زیاتر لە 24  ملیار دینارە و تەواوی ئەو بڕە پارەیەش ڕاستەوخۆ لەسەر داهاتی ناوخۆیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت.



وشە - وشه‌