گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، حكوومەتی عێراق كارئاسانی بۆ بازرگانان نەكردووە و دەبوو ڕێگەی باشتر بۆ هاوردەكردنی كاڵا بدۆزێتەوە و سوود لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل وەربگرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 31ی ئایار، گەیلان حاجی سەعید لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو دۆخەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بووە، كاریگەریی لەسەر زۆر لە سێكتەرەكان و لە ناویاندا سێكتەری بازرگانی دروست كردووە، هەندێك ئاستەنگیشی لە بەردەم بازرگانان دروست كردووە، بەڵام هەرێمی كوردستان رووبەڕووی كەمتر لەو كێشەیە بووەتەوە.
دووپاتی لەوە كردەوە كە دۆخەكە بۆ عێراق بە گشتی كێشەی دروست كردووە، بەڵام ئێمە بەهۆی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، تووشی كێشە نەبووین و دەبوو عێراقیش پەنا بۆ ئیبراهیم خەلیل بێنێت.
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی باسی لەوە كرد، حكوومەتی عێراق كارئاسانیی بۆ بازرگانان نەكردووە و دەبوو ڕێگەی باشتر بۆ هاوردەكردنی كاڵا بدۆزێتەوە.
ئەو لێدوانەكەی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە كاتێكدایە، پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو هاتوچۆی بازرگانی لە سنووری ئیبراهیم خەلیل نەماوە.