عەزیز ئەحمەد: بینینی دیمەنی قەرەباڵغیی بەردەم بانكەكان جێگەی نیگەرانییە

:: AM:10:55:01/06/2026 ‌
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخی خانەنشینان دەربڕی و ڕای گەیاند، بوونی جێگرەوەیەكی باشتر و شایستەتر بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان، وایكردووە بینینی دیمەنی قەرەباڵغیی بەردەم بانكەكان جێگەی داخی زۆر بێت.

عەزیز ئەحمەد لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" ئاماژەی بەوە كرد، لیستی مووچەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 350,000 خانەنشین لەخۆ دەگرێت. 

روونیشی كردەوە، تا ئێستە زیاتر لە نیوەی ئەو خانەنشینانە مووچەكانیان بە دیجیتاڵی و لە ڕێگەی سیستمی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی كۆتاهێنان بە ڕاوەستانیان لە نۆرە درێژەكاندا.

لەگەڵ ئەوەشدا جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆك وەزیران ئاشكرای كرد، هێشتا نزیكەی 50,000 خانەنشین كارتە بانكییە چاپكراوەكانی خۆیان وەرنەگرتووەتەوە تا سیستمەكەیان بگۆڕێت بۆ دیجیتاڵی، هاوكات هەزاران خانەنشینی تریش هەن كە هێشتا ناوی خۆیان لە سیستمی "هەژماری من" تۆمار نەكردووە.

عەزیز ئەحمەد داواكارییەكی بەپەلەی ئاراستەی ئەو خانەنشینانە كرد كە هێشتا كارتەكانیان وەرنەگرتووەتەوە، بچن لە زووترین كاتدا بیبەنەوە، تا لە قەرەباڵغی، ماندووبوون و پشێوییەكانی بەردەم بانكەكان بەدوور بن و بتوانن بەشێوازێكی ئاسانتر مووچەكانیان پێ بگات. 

هەروەها داوای لە گەنجان و فەرمانبەرانی خانەنشینكراو كرد، هاوكاریی خانەنشینانی تەمەن گەورە بكەن بۆ تۆماركردنی ناویان لە "هەژماری من" تا لە خزمەتگوزارییەكانی پارەدانی دیجیتاڵی سوودمەند ببن.

لە كۆتاییدا دڵنیایی دا كە تیمی "هەژماری من" لە نزیكەوە و بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كار دەكات بۆ پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكارییەك لە دەركردنی كارتە بانكییەكان، تەواوكردنی پرۆسەی تۆماركردن و گواستنەوەی كۆتایی مووچەكان بۆ سەر سیستمی پارەدانی دیجیتاڵی.



وشە - سۆران عەزیز