خواردنەوە وزەبەخشەكانی "بۆ تۆ" قەدەغە كران

:: AM:11:32:02/06/2026 ‌
بەهۆی جێبەجێ نەكردنی ڕەزامەندییە پێویستەكان بۆ بەرهەمهێنانی و تۆماركردنی نیشانە بازرگانییەكەی، وەزارەتی تەندروستیی عێراق خواردنەوە وزەبەخشەكانی "بۆ تۆ" لە بازاڕە ناوخۆییەكان قەدەغە دەكات.

بەگوێرەی نووسراوێكی فەرمی كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گشتیی سەربە وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە دەرچووە، لیژنەكانی چاودێری و كۆنترۆڵی تەندروستی بوونی بەرهەمێكیان دەستنیشان كردووە كە ناوی ماركەی "بۆ تۆ"ی لەسەرە، لەلایەن كارگەی رافدەین بۆ خواردنەوە گازییەكان و شەربەتەكان بەرهەم هێنراوە.

بەگوێرەی نووسراوەكە، لە وردبینیكردنی دۆسیەی كارگەكەدا دەركەوتووە، هیچ مۆڵەتێك نەبووە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو خواردنەوە وزەبەخشەی كە لە ژێر ئەو ماركەی "بۆتۆ" لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكان، بەڕێوەبەرایەتیی داتا و نیشانە بازرگانییەكانەوە دەرچووە، سەرەڕای ئەوەی كارگەكە پێشتر مۆڵەتی تەندروستی هەبووە.

تەندروستیی گشتی ڕێنوێنی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكانی بەغدا و پارێزگاكانی كرد، بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی پێویست بەرانبەر بەرهەمی "بۆتۆ"، ئەمەش بە پشتبەستن بە یاسای تەندروستیی گشتیی ژمارە 89ی ساڵی 1981 و هەموارەكان و كارپێكراوەكان.




وشە - سۆران عەزیز