نرخی مریشك لە كوردستان زیاتر دابەزی

:: AM:10:06:04/06/2026 ‌
نرخی مریشكی زیندوو لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێك بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو، هەر كیلۆیەك مریشك بڕی هەزار دینار هەرزانتر بووە.

ئاری بەكر ئەندامی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان و خاوەن دوكانی فرۆشتنی مریشك ڕای گەیاند: "ئێستە نرخی مریشكی زیندوو لە كێڵگە و بازاڕەكاندا بە ڕێژەیەكی زۆر دابەزیوە، لە كاتێكدا لە ڕۆژانی پێش جەژن بەهۆی زۆریی خواستەوە، نرخی یەك كیلۆ مریشك چوار هەزار دیناری تێپەڕاندبوو، بەڵام ئەمڕۆ لە بازاڕدا بە سێ هەزار دینار بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت."

لەبارەی نرخەكەی لە كێڵگەكاندا، ئاماژەی بەوە كرد كە ئێستە هەر كیلۆیەك مریشك لە كێڵگەكان بە دوو هەزار و 500 دینارە و بە سێ هەزار دینار دەگاتە دەستی كڕیاران.

لە هەرێمی كوردستاندا ژمارەیەكی زۆری كێڵگەی پەلەوەری هەن و ساڵانە نرخی مریشكیش بەرز و نزمی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، بەشێكی پێوەندیی بە گرانیی پێداویستییەكانی كێڵگە پەلەوەرییەكانەوە هەیە. 

هەرێمی كوردستان نزیكەی 850 كێڵگەی پەلەوەری هەیە و بەرهەمی ناوخۆمان بەمریشك بەرێژەی %100 دابین دەكرێت، بەشێكیشی بۆ شارەكانی تری عێراق دێتە ناردن.




وشە - سۆران عەزیز