وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گشتاندنێكی فەرمی ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەكان كردووە و تێیدا دووپاتی كردووەتەوە، گۆڕانكاری لە ڕێكارە یاساییەكانی خانەنشینبوونی ئەو فەرمانبەرانەدا دەكەن كە بەگوێرەی ڕاپۆرتی پزیشكی، داوای خانەنشینبوون دەكەن.
بەپێی گشتاندنەكە، هەر فەرمانبەرێك داوای خانەنشینبوون بكات بەهۆی نەخۆشییەوە، فەرمانگەی فەرمانبەرەكە بۆی نییە تەنیا پشت ببەستێت بە بڕیاری لیژنەی پزیشكی لاوەكی بۆ دەركردنی فەرمانی خانەنشینبوون.
وەزارەتی دارایی دووپاتی كردووەتەوە، نابێت هیچ فەرمانێك دەربكرێت تا بڕیارەكە پلەی كۆتایی وەردەگرێت و دڵنیایی تەواو لە باری تەندروستی فەرمانبەرەكە دەكرێتەوە.
وەزارەتی دارایی بۆ ڕێگریكردن لە هەر جۆرە پێشێلكارییەك، بەپێویستی دەزانێ لەلایەن فەرمانگەی پێوەندیدارەوە و لە ماوەی یاساییدا، تانە لە بڕیاری لیژنە سەرەتاییەكان بدرێت لە بەردەم لیژنەی تێهەڵچوونەوەی پزیشكی.
تەنیا دوای ئەوەی لیژنەی تێهەڵچوونەوە بڕیاری كۆتایی دا و سەلمێنرا كە فەرمانبەرەكە بەڕاستی شایستەی خانەنشینبوونە، ئەوكات فەرمانی فەرمیی بۆ دەردەكرێت.