هەناردنی نەوتی ئێران لە نزمترین ئاستیدایە

:: PM:09:46:04/06/2026 ‌

بەهۆی بەردەوامیی ئێران لە داخستنی گەرووی هورمز و چۆكدانەنانی بۆ داواكارییەكانی ئەمەریكا و رێككەوتن لەسەر وەستانی شەڕ، تا ئێستە گەمارۆ دەریاییەكەی ئەمەریكا لەسەر بەندەرەكانی ئێران و راوەدوونانی كەشتییە نەوتییەكانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەكان بەردەوامە، ئەوەش وای كردووە هەناردنی نەوتی ئێران بۆ ئاستێكی پێوانەیی دابەزێت.

ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە هەناردنی نەوتی ئێران لە مانگی ئایاری رابردوو بۆ كەمتر لە 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمی كردووە، كە ئەوەش نزمترین ئاستە لەوەتەی شەش ساڵی رابردوو، بەپێی سەرچاوە بازرگانییەكانیش نرخی نەوتی ئێران دابەزیوە و لە نیسانی رابردووەوە بە نرخێكی زۆر كەم دێتە فرۆشتن، بۆ راكێشانی كڕیاران.

یەكێك لە كاریگەرییە خراپەكانی ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمەریكا خستوویەتییە سەر بەندەر و كەشتییە نەوتبەرەكانی ئێران، وەستانی هەناردن و بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانە، كە ئەوەش زیانێكی درێژخایەن بە بیرە نەوتەكانی دەگەیەنێت، بەتایبەتی دوای پڕبوونی خەزانەكانی نەوت كە خەریكە بەرەو پڕبوون دەچن، ئەوەش گوشارێكی ترە بۆ ناچاركردنی تاران بۆ دانوستان و رێككەوتن و رازیبوون بە مەرجەكانی سەرۆكی ئەمەریكا.

بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بۆ رێگرتن لە پڕبوونی تەواوەتیی ئەمبارەكانی نەوت، دەست كراوە بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ئێستە بەرهەمهێنان بەردەوامە، بەڵام بۆ ماویەكی سنووردار، ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمەریكی گوتی، بەرپرسێكی باڵای ئێران ئاشكرای كردووە كە بە كردەنی دەستیان بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت كردووە، ئەوەش هەنگاوێكی خۆپارێزییە بۆ رێگرتن لە گەیشتن بە ئاستی پڕبوونی تەواوەتی خەزانەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل