بەڕێوەبەری رووسنەفت: مانەوەی هورمز بە داخراوی لە بەرژەوەندیی ئەمەریكادایە

:: AM:11:58:06/06/2026 ‌
ئیگۆر سیچین سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای رووسنەفت كە گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوتە لە ڕووسیا ئەمڕۆ شەموو ئاشكرای كرد، داخستنی گەرووی هورمز كە گرنگترین ڕێڕەوی هەناردەی نەوت و غازی سروشتییە لە دنیا، هەوڵێكە بۆ گۆڕینی بنەما و یاسای بازاڕی وزە لە دنیا بۆ بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

ئەو قسانەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری رووسنەفت لە میانەی كۆڕبەندی سانتپترسبۆرگ بۆ ئابووری نێودەوڵەتی هات، سیچین كە هاوپەیمانێكی كۆنی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیایە گوتی، مانەوەی هورمز بە داخراوی كاریگەریی لەسەر ڕێڕەوەكانی تری هەناردەكردن و بازرگانی جیهانی و بازاڕی وزە دروست دەكات، بەتایبەت گەرووی بابولمەندەب و گەرووی جەبەل تاریق، بەڵام مانەوەی لە بەرژەوەندیی ئەمەریكادایە و واشنتن دەیەوی بنەماكانی بازاڕی وزەی دنیا بهەژێنێت و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بیقۆزێتەوە.

لەبارەی هاوپەیمانی ئۆپێك پلەس كە ڕووسیایش تێیدا ئەندامە، ئیگۆر سیچین گوتی، هاوپەیمانی ئۆپێك پلەس كە گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوتی تێدایە لە شوێن و پێگەی خۆی ماوەتەوە، دوای ئەوەی ئیمارات لێی كشایەوە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، چین تاكە وڵاتە بەرگەی لێكەوتەكانی مانەوەی گەرووی هورمز بە داخراوی بگرێت، بەهۆی سیاسەتە ورد و باشەكانی حكوومەتی ئەو وڵاتە و پەكین بەشێوەیەكی هاوسەنگ، پشت بە هەڵسەنگاندنی واقیعی مەترسییەكانی ئاسایشی وزە دەبەستێت و بەو هۆیەشەوە بەرگەی دۆخی لەمجۆرە دەگرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د