ئەمڕۆ بە تەواوی نرخی بوتڵی غازی ماڵان هەرزان بوو كە نرخەكەی لە 25 هەزار دینارەوە هاتووەتە خوار 14 هەزار دینار، لەكاتێكدا دابەشكردنی غازی حكومی لە گەڕەكەكاندا بەردەوامی هەیە.
بەهۆی زۆری غاز لە عەمبارەكان و بەرهەمهێنانی بە بەردەوامی لە رۆژی پێنجشەمی رابردووەوە ئێل پی جی نرخی لیترێك بە هەزار دینارەوە بۆ 650 دینار دابەزیوە. جیا لەوەیش ئەمڕۆ نرخی بوتڵی غازی ماڵانیش دابەزی.
شوان وەلید كە كاری غازفرۆشی دەكات لە هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، تا ئێستە ئەمڕۆر نرخی بوتڵی غازی ماڵان ڕووی لە دابەزین كردووە بە جۆرێك كە لە چەند رۆژی رابردوودا بوتڵی بە 25 هەزار دینار بۆ سەرەوە دەفرۆشرا، بەڵام ئەمڕۆ هاتووتە خوار 14 هەزار دینار، ئەوەی پێی دەڵێن غازی بازرگانی.
ڕوونیشی كردەوە كە بەردەوامی دابەشكردنی غاز لە گەڕەكەكان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر دابەزینی زیاتر هەیە و پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوو بە تەواوی دابەزین بەخۆیەوە ببینێ.