پێشنیازی بەرزكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ دەكرێت

:: PM:07:56:06/06/2026 ‌

دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی لە عێراق ئاشكرای كرد كە پێشنیازێكی فەرمی پێشكەش كردووە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای تەمەنی خانەنشینی و گەڕاندنەوەی بۆ 63 ساڵ و رێگەدان بە كڕینی ساڵانی خزمەت بۆ هەندێك توێژ. 

عەلا محەمەد كەریم بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەكە گوتی، كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینبوون بۆ 60 ساڵ زیانێكی گەورەی بە سندووقی خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت گەیاند، ئەوەش بەهۆی بێبەشكردنی لە گەڕانەوەی لێبڕینی خانەنشینی بۆ سێ ساڵی فەرمانبەران، دەكرا لەو ماوەیە سوود بە توانا و شارەزایی ئەوان وەربگیرایە، جیا لە زیادكردنی بارگرانیی سندووقەكە بە خانەنشینانی نوێ.

روونی كردەوە، دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی چەند پێشنیازێكی فەرمی پێشكەش كردووە بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە و گەڕاندنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ، سەرۆكی دەستەكە پێشنیازێكی پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق كردووە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەكی یاسایی بۆ ئەو توێژانەی بەهۆی كەمیی چەند مانگێكی كەمی خزمەتەكەیان بە ئیمتیازاتەكان بێبەش دەبن، وەك ئەوانەی 24 ساڵ و نیو خزمەتیان هەیە، لە پاداشتی كۆتایی راژە بێبەش دەبن، یان 12 ساڵ خزمەتی هەیە و مووچەیەكی سنوورداری بۆ بڕاوەتەوە كە خێزانەكەی دوای خۆی سوودی لێ نابینن، بۆیە لە پێشنیازەكە باسی ئەوەش كراوە ئەوانە دەتوانن خزمەت بكڕن و پارەی لێبڕینی خانەنشینی بدەن بۆ تەواوكردنی خزمەتەكانیان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل