بەهۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی پاڵاوگە ناوخۆییەكان و كاریگەرییەكانی قەیرانی بەنزین لە عێراق، نرخی بەنزینی بازرگانی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بووە.
لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش بەنزین گران بووە و پێشتر نرخی هەر لیترێك بەنزینی نۆرماڵی كوالێتی باش، لە نێوان 800 بۆ 850 دینار بوو، بەڵام ئێستە بەرز بووەتەوە بۆ 950 تا 1075 دینار و بەنزینەكەش باش نییە.
پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی كەمبوونەوە و گرانبوونی بەنزین لە بازاڕەكاندا رای گەیاند، كشانەوەی كۆمپانیایەكی بیانی لە پاڵاوگەكانی باشوور بەهۆی مەترسییە تەناهییەكان و بەرزبوونەوەی پێوانەیی خواستی ناوخۆیی، هۆكاری سەرەكیی قەیرانەكەن.
وەزارەتی نەوت لە روونكردنەوەیەكدا رای گەیاند، جێهێشتنی كارەكان لەلایەن ئەو كۆمپانیا بیانییەی كە بەرپرس بوو لە جێبەجێكردنی یەكەی شكاندن (FCC) لە پاڵاوگەكانی باشوور، بووەتە هۆی لەدەستدانی رۆژانەی چوار بۆ پێنج ملیۆن لیتر بەنزینی كوالێتی بەرز "موحەسەن".
ئەو كێشەیە كە وەزارەتی نەوتی عێراق باسی دەكات، هەرێمیشی گرتووەتەوە و بەپێی زانیارییەكان، دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی رابردووەوە بەهۆی هێرشی مووشەكی و درۆنەوە، كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت راگیراوە و هێشتا بەرهەمهێنان نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی.
ئێستە لە هەولێر لیترێك گەیشتووەتە 1075 دینار. لە دهۆك و ئاكرێ 1000 بۆ 1050 دینار. لە كەلار 990 دینار. لە سلێمانی و سۆران 950 دینار بەرەو سەرەوە. لە كەركووك 900 بۆ 950 دینار.
لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزین لە كوردستان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بڕیارە بەرەبەرە ئاستی بەرهەمهێنان زیاد بكرێتەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دۆخەكە وەك پێشووی لێ بێتەوە.