بەرهەمی رێگەپێدراوی نەوتی عێراق زیاد دەكات

:: PM:06:43:07/06/2026 ‌

لە ساڵانی رابردوو بەهۆی دابەزینی زۆری نرخی نەوت، گرووپی ئۆپێك و هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس بڕیاریان دا بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ رێگرتن لە دابەزینی نرخی نەوت و جێگیركردنی نرخەكەی لە بازاڕ، بۆیە ئەو كەمكردنەوەیە بە رێژە بەسەر تەواوی وڵاتانی ئەندام و بەرهەمهێنەری نەوت جێبەجێ كرا، بۆ مانگی داهاتوو عێراق و شەش دەوڵەتی ئەندام لە ئۆپێك پڵەس بڕیاریان دا بە گشتی 188 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرهەمی نەوتییان زیاد بكەن.

ئەمڕۆ ئەندامانی هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس كۆبوونەوەیەكی ئۆنلاینیان ساز كرد، كە بریتی بوون لە سعوودیە و رووسیا و عێراق و كوێت و كازاخستان و جەزائیر و عومان، بڕیاریان لە مانگی تەمووزی داهاتووەوە بڕی بەرهەمهێنانی نەوتەكەیان بە گشتی بە قەبارەی 188 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاج بكەن، ئەوەش دوای پێداچوونەوە بە دۆخی بازاڕی نەوت، دوای ئەوەی لە نیسانی 2023 خۆویستانە بەرهەمهێنانیان كەم كردەوە.

بەپێی ئەو قەبارەی زیاد دەكرێت، سعوودیە رۆژانە 62 هەزار بەرمیل زیاد دەكات و كۆی بەرهەمی رۆژانەی دەگاتە 10.353 ملیۆن بەرمیل، رووسیا 62 هەزار بەرمیل و كۆی بەرهەمی رۆژانەی دەگاتە 9.824 ملیۆن بەرمیل، عێراق رۆژانە 26 هەزار بەرمیل زیاد دەكات و كۆی بەرهەمی رۆژانەی دەگاتە 4.378 ملیۆن بەرمیل، كوێت 16 هەزار بەرمیل و كۆی بەرهەمی رۆژانەی دەگاتە 2.644 ملیۆن بەرمیل، كازاخستان 10 هەزار بەرمیل و كۆی بەرهەمی رۆژانەی دەبێتە 1.608 ملیۆن بەرمیل و جەزائیر شەش هەزار بەرمیل و كۆی بەرهەمی رۆژانەی دەگاتە 995 هەزار بەرمیل و عومان پێنج هەزار بەرمیل و كۆی بەرهەمی رۆژانەی دەگاتە 831 هەزار بەرمیل. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل