نەبیل مەرسوومی: كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان سێ‌ مەرجیان بۆ حكوومەتی فیدراڵ هەیە

:: AM:11:57:10/06/2026 ‌
نەبیل مەرسوومی ئابووریناسی بەناوبانگی عێراق ئاشكرای دەكات، كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، داوای جێبەجێكردنی چەند مەرجێكیان لە حكوومەتی عێراق كردووە، یەكەم مەرجیان ئەوەیە لە هێرشە درۆنی و مووشەكییەكان پارێزراو بن.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ی حوزەیران، نەبیل مەرسوومی لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی سۆمەرییە نیوز ئاشكرای دەكات، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ حكوومەتی عێراق، كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان سێ‌ مەرجیان هەبووە.

 یەكەمیان ئەوەیە بە تەواوی سەلامەتییان دەستبەر بكرێت لە كێڵگە و بیرە نەوتییەكان و ستاف و كادران و ئەندازیارانیان پارێزراو بن لە هێرشی مووشەكی و درۆن.

دووەمیان ئەوەیە میكانیزمێكی روونی دارایی هەبێت بۆ شایستە داراییەكانیان، بەشێوەیەك لەگەڵ بڕەكانی بودجەی عێراق یەك بگرێتەوە.

سێیەم مەرج ئەوەیە هەر لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كارەكانیان قەرزەكانیان پێ بدرێتەوە.

 لە هەواڵەكەی سۆمەرییە نیوزدا هاتووە، بەو مەرجانە "تۆپەكە دەكەوێتە گۆڕەپانی حكوومەتی فیدراڵی"، بۆیە دەبێت بە دانوستاندن لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ئەو كێشانە چارەسەر بكات.

 لە چەند ساڵی رابردوودا میلیشیاكانی عێراق دەیان جار بە درۆن و مووشەك هێرشیان كردووەتەوە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان. 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل