كۆمپانیای گشتیی دروستكردنی ئارد سەربە وەزارەتی بازرگانی عێراقە ڕای دەگەیەنێت، سێ ملیۆن فەردە ئاردیان بۆ بریكارەكانی ئارد دابین كردووە لە چوارچێوەی مادەكانی بەشەخۆراكی مانگانەدا، ئاردەكە نانیان لێ تاقی كردووەتەوە كوالێتی زۆرباش بووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی حوزەیران، موحسین محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای دروستكردنی ئارد رای گەیاند، پرۆسەكانی بەرهەمهێنان و دابەشكردن ئارد لە پارێزگا جیاجیاكاندا بەردەوامە، ئەمەش لە ژێر سەرپەرشتی و بەدواداچوونی مەیدانیی تیمەكانی چاودێری و كوالێتی كە پێداچوونەوە بە بڕی بەرهەمێنراو و جۆری ئاردەكەدا دەكەن.
دەشڵێت، بۆ ئەم مانگە پشكنینی تاقیگەیی ورد ئەنجام دەدەن كە پشكنینی بایۆلۆجی و پشكنینی نانكردن (تاقیكردنەوەی هەویر) دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، چەندان سەردانی پشكنین لەلایەن تیمەكانی چاودێرییەوە بۆ ئاشەكان و دوكانی بریكارەكان لە پارێزگاكانی هەولێر، نەجەف، دیالە، ئەنبار، موسەننا و بەسرە ئەنجام دراون، بەمەبەستی دەستەبەركردنی جۆری بەرهەم و سەلامەتیی پرۆسەی دابینكردنەكە.
باسی لەوەش كرد، ئەنجامی پشكنینەكانی ئەنجام دراون، شیاوی و گونجاوی ئاردە بەرهەمێنراوەكە و هاوتابوونی لەگەڵ پێوەرەكانی نانكردن پشتڕاست دەكەنەوە، ئەمەش متمانەی هاووڵاتییان بە جۆری ئەو ئاردە زیاتر دەكات كە لە چوارچێوەی بەشەخۆراكی مانگانەدا دابەش دەكرێت.