بازاڕی كاری كوردستان و عێراق پێكەوە دەبەسترێتەوە

:: PM:03:25:10/06/2026 ‌
لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە دامەزراندنی سیستمی ئەلیكترۆنیی چاودێریكردنی بازاڕی كار (LMIS) بەڕێوەچوو.

لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ستراتیجییەتی پاراستنی كۆمەڵایەتی كە بە هاوكاریی دارایی یەكێتیی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، بە هاوبەشی لەگەڵ بریكاری وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، سیروان محەمەد بریكاری وەزارەتی پڵاندانان و سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە داڕشتن و دانانی سیستمی ئەلیكترۆنیی چاودێریكردنی بازاڕی كار (LMIS) لە شاری بەغدا كرا.

تێیدا لایەنە پێوەندیدارەكان لە وەزارەتەكانی پلاندانان، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، دەستەی ئامار لە هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ نوێنەرانی ڕێكخراوی كاری جیهانی (ILO) بەشدار بوون.

تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە، داڕشتنی بنەماكانی سیستمەكە و گفتوگۆ لەسەر میكانیزمی دانانی بناغەی سیستمی (LMIS) كرا، وەك ئامرازێكی ستراتیجی بۆ یارمەتیدانی حكوومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم بە مەبەستی بەدەستهێنانی بەرچاوڕوونیی وردتر لەسەر دۆخ و تایبەتمەندییەكانی بازاڕی كار، لەسەر ئاستی 15 پارێزگای عێراق و چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان.

بڕیارە لە كۆبوونەوەی لیژنەی سەرپەرشتیی پڕۆژەكانی ستراتیجییەتی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە بەغدا، بڕیاری كۆتایی لەسەر دەستپێكردنی كرداریی پڕۆژەكە بدرێت، لە پاڵ گفتوگۆكردن لەسەر چەند بابەتێكی تری پێوەندیدار بە پەرەپێدانی ژێرخانی ئاماری و كار لە وڵاتدا.




وشە - وشه‌