"كێشەی نەوت و داهات بەردەوام بێت ئەمساڵ عێراق یاسای بودجەی نابێت"

:: PM:05:48:10/06/2026 ‌

عێراق ساڵی رابردوو یاسای بودجەی نەبوو، ئەمساڵیش بەهۆی درەنگ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، تا ئێستە بودجەی نییە و پێ دەچێت هۆكارەكانی نەبوونی یاسای بودجە لە 2025 بەردەوام بن و رێگە نەدەن لە 2026یش یاسای بودجە هەبێت، بەتایبەتی ئەگەر هەناردنی نەوت بەهۆی شەڕی ئێران و كەمبوونەوەی داهاتە نانەوتییەكانیش بەردەوام بێت.

لەوكاتە حكوومەتی عێراق بە بەردەوام دووپاتی كردووەتەوە كە مووچە و خەرجییە سەرەكییەكان لە رێگەی قەرزی ناوخۆیی و ئیدارەانی ئەو داهاتانەی هەن بەردەوام دەبێت، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەدووری دەزانێت بتوانن یاسای بودجە بۆ 2026 ئامادە بكەن، عێراق لە خەرجكردن لەسەر بنەمای یاسای 1/12 تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، لەوكاتەی وەزارەتی دارایی كار لەسەر ئامادەكردنی بودجەی 2027 دەكات، كە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ رەوانەی پەرلەمانی بكات بۆ پەسندكردنی.

زیاتر گوتی، بەهۆی وەستانی نیوچە تەواوەتیی هەناردنی نەوت، زەحمەتە یاسای بوجە ئامادە بكرێت، چونكە زۆرینەی بودجەی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت، بۆیە ناتوانرێت بودجەیەك لەسەر بنەمای ژمارەی گۆڕاو و ناجێگیر ئامادە بكرێت، واتە ئەستەمە بۆ ئەمساڵ یاسای بودجە هەبێت، ئەوەش واتە خەرجكردن بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی و بە رێژەی 1/12 بەردەوام دەبێت، بەڵام دەتوانرێت تا كاتی پەسندكردنی بودجەی 2027 كارەكان رایی بكرێن، لە چاوەڕوانی ئاساییبوونەوەی دۆخەكە و گەڕانەوەی هەناردنی نەوتی بۆ دۆخی پێشوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل