ئەمڕۆ جارێكی تر ئێران داخستنی گەرووی هورمزی بە رووی كەشتییە بازرگانی و نەوتییەكان راگەیاند، كە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر عێراق هەیە، بەتایبەتی لە هەناردنی نەوتەكەی و دابینكردنی سووتەمەنی بۆ پێویستیی ناوخۆیی، یەكێك لە چارەسەرییەكان گەیاندنی نەوتی باشوورە بە پاڵاوگە ناوخۆیەكان و دەروازەكان هەناردن بۆ وڵاتانی تر، لە رێگەی بۆرییەكەوە كە پەلە لە تەاوكردنی دەكرێت.
ئێستە زۆرینەی وڵاتانی كەنداو بە دوای رێگەی تر بۆ هەناردنی نەوتەكەیان دەگەڕێن، عێراق جیا لە بەسرە، دەتوانێت نەوت لە رێگەكانی توركیا و سووریا و ئوردن و سعوودیە هەناردە بكات، كە پێشتر بۆری بۆ ئەو مەبەستە هەبووە، بەڵام بۆرییەكان پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، جیا لە بوونی بڕیار و ویستی سیاسی و دابینكردنی خەرجی دارایی بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەو دەروازە و بۆریانە، بەتایبەتی بەرەو سووریا و ئوردن.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار، كاركردن لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەی بۆریی نەوتی بەسرە حەدیسە بەردەوامە، بە مەبەستی تەواوكردنی لە نزیكترین كاتدا، ئەوەش بۆ زاڵبوون بەسەر تەنگژە هەناردن و كەمیی سووتەمەنی كە ئێستە لە عێراق هەیە، كاتێك كۆمپانیا جێبەجێكاری پڕۆژەكە و چەند بەشێكی بۆرییەكە دووپاتی لە پەلەكردن لە كارەكانی كردووەتەوە.
حكوومەتی عێراق گرنگییەكی زۆر بە تەواوكردنی ئەو هێڵە دەدات، چونكە دەبێتە هۆی گەیاندنی نەوتی خاو لە كێڵگەكانی بەسرە بۆ پاڵاوگەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، جیا لە كەمكردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز لە هەناردنی نەوت، لە رێگەی بەستنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی باشوو بە هەرسێ دەروازەی هەناردن، ئوردن و سووریا و توركیا.
ئەو بۆرییە نەوتە توانای گواستنەوەی رۆژانەی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوە، درێژییەكەی 700 كیلۆمەترە و بڕی 1.5 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان كراوە و كاركردن تیایدا بەردەوامە، بە تەواوی پاڵاوگەكانی باشوور و ناوەڕاست و باكوری عێراق تێپەڕ دەبێت، جیا لە ئامادەكردن بۆ هەناردن بە هەرسێ دەروازەی بانیاسی سووریا و جەیهانی توركیا و عەقەبەی ئوردن.