دۆخی ناوچەكە چۆن كار لە مووچە دەكات؟

:: PM:08:13:11/06/2026 ‌

عێراق ساڵانێكە بە دەست تەنگژەی دارایی و ئابوورییەوە دەناڵێنێت، كە زۆرینەی لە گەندەڵی و خراپیی ئیدارەدان و نەبوونی پلان و چارەسەری تۆكمە و بنەبڕ بۆ ئەو تەنگژانە سەرچاوەی گرتووە، تەنگژەكان ساڵ دوای ساڵ كەڵەكە بوونە و بەوڕۆ گەیشتوون، كە لەگەڵ هەر شەڕ و رووداو و هەژانێكی ئابووری، ترس و نیگەرانی لەسەر شارەزایان و خەڵكی ئاسایی بنیشێت، بەڵام مووچە چ مەترسییەكی لەسەرە؟

ساڵح خەفاجی شارەزای دارایی وریایی لە رەنگدانەوەی ئاڵۆزییە بەردەوامەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لەسەر ئابووری عێراق دەدات، دووپاتی كردەوە كە بەردەوامیی ئاڵۆزی و شەڕ و پەرەسەندنەكان ئاڵنگاریی گەورەی دارایی و بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراویان لە چەند مانگی داهاتوو بۆ عێراق پێیە.

خەفاجی گوتی، لێكەوتەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە تەنیا بۆ سەر وڵاتانی كەنداو نییە، بەڵكو ئابووری دنیا و زنجیرەی گەیشتنی وزە و بازرگانی نێودەوڵەتیشی گرتووەتەوە، چونكە ناوچەكە ناوەندێكی گرنگی وزەیە لە دنیا بۆ نەوت و غاز، هەر شێوان و ئاڵۆزییەك لە جموجۆڵی دەریاوانی یان هەناردنی نەوت و غاز لە كەنداو، راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر عێراق دەبێت، كە سەرچاوەی سەرەكیی داهاتەكەی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.

روونی كردەوە، ئەو هەڵبەز و دابەزینەی نرخی نەوت كاریگەری لە هاتنی دراوی بیانی و دۆلار بۆ عێراق دەكات، ئەوەش گوشار دەخاتە سەر نرخی ئاڵوگۆڕكردن و ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕی ناوخۆیی زیاد دەكات، جیا لە كاریگەری لەسەر توانای حكوومەت لە دابینكردنی خەرجییەكانی بەكارخستن و لە پێشەوەیان مووچەی فەرمانبەران، بۆیە ئەو قۆناغەی ئێستە پێویست بە چەند هەنگاوێك بۆ كەمكردنەوەی مەترسییە ئابوورییەكان دەكات، لەوانە جۆراوجۆركردنی سەرچاوەی داهات و دروستكردنی دەروازی زیاتر بۆ هەناردنی نەوت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل