ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەیەكی توندی لە ئێران كرد و بڕیاری دا ئەمشەو هێرشی ئاسمانی بكاتە سەر، كەچی هەر ئەمشەو رای گەیاند كە وەك سەرۆكی ئەمەریكا هێرشەكانی وەستاندووە و سەركردەكانی ئێران بە خاڵەكانی رێككەوتنی سەرەتایی رازی بوونە، لە دوای ئەو لێدوانانە نرخی نەوت لە بازاڕەكان زۆر دابەزی و گەیشتە 89 دۆلار بۆ بەرمیلێك.
وەك ئاژانسی
"رۆیتەرز"ی ئەمەریكی ئاماژەی بۆ كردووە، لە دوای راگەیاندنەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە هەڵوەشاندنەوەی هێرشەكانی سەر ئێران و گەیشتن بە رێككەوتنی سەرەتایی لەگەڵ سەركردەكانی، نرخی خاوی برێنت بۆ 89 دۆلار بۆ بەرمیلێك دابەزی.
ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێرشەكانی سەر ئێرانی دا، هاوكات گەیشتنی بە رێككەوتنێكی سەرەتایی لەگەڵ ئەو وڵاتە وەستانی شەڕ و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا راگەیاند، ترەمپ لە پۆستێك لە لاپەڕەی خۆی لە ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، ئێران بە بڕگەكانی كۆتایی ئەو رێككەوتنە رازی بووە كە وڵاتانی ناوچە پێی رازین.
سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە سەركردە باڵاكانی ئێران رەزامەندییان لەسەر ئەو بڕگانە داوە، دووپاتی كردەوە كە هاوكات تا كاتی جێبەجێكردنی تەواوەتیی رێككەوتنەكە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەكانی ئێران بەردەوام دەبێت.