ئەمڕۆ هەینی 12ی حوزەیرانی 2026، کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" بۆ تەکنەلۆجیای بۆشایی ئاسمان کە سەر بە ئیلۆن ماسک سەرمایەداری ئەمەریکایە، خستنەڕووی پشکەکانی لە بازاڕی جیهانیدا بە نرخی سەرەتایی 135 دۆلار ڕاگەیاند، بەمەش بەهای بازاڕیی کۆمپانیاکە گەیشتە 1.77 تریلیۆن دۆلار.
ئەم بەرزبوونەوەیەی بەهای کۆمپانیاکە، لە پاڵ پشکەکانی لە کۆمپانیای "تێسلا"، ئیلۆن ماسک دەکاتە یەکەم کەس لە مێژوودا کە پوختەی سەروەتەکەی لە یەک تریلیۆن دۆلار تێپەڕ بکات. ئەوەش سەرەڕای ئەوەی سپەیس ئێکس ساڵی ڕابردوو نزیکەی پێنج ملیار دۆلار زیانی کردووە، بەڵام وەبەرهێنەران پشتیان بە گەشەی داهاتووی ئینتەرنێتی "ستارلینک" و ژیریی دەسکرد بەستووە، لە کاتێکدا ماسک کۆنترۆڵی زیاتر لە سەدا 80ی مافی دەنگدانی کۆمپانیاکەی لەلای خۆی پاراستووە.
بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی ئەم سەروەتە خەیاڵییەی ماسک کە گەیشتووەتە یەک تریلیۆن دۆلار، شیکارییەکی بیرکارییانە دەریدەخات کە مرۆڤ بەزەحمەت دەتوانێت وێنای بکات. ئەگەر ئەو سەرمایەدارە بڕیار بدات بەبێ وەستان پارەکانی خەرج بکات و لە هەر چرکەیەکدا 100 دۆلار بدات، ئەوا لە یەک سەعاتدا 360 هەزار دۆلار خەرج دەکات.
بەپێی ئەم هەژمارکردنە، لە یەک ڕۆژدا بڕی خەرجییەکەی دەگاتە هەشت ملیۆن و 640 هەزار دۆلار، وە لە ساڵێکیشدا دەگاتە سێ ملیار و 153 ملیۆن دۆلار. لە ئەنجامدا، بۆ ئەوەی ماسک تەواوی یەک تریلیۆن دۆلارەکەی خەرج بکات و پارەکەی ببێتە سفر، پێویستی بە 317 ساڵ دەبێت، ئەمەش گەورەیی و بێپێشینەیی قەبارەی سەروەتەکەی پێشان دەدات.