راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق: دەست بە ئامادەكاری بودجەی 2027 دەكرێت

:: PM:09:52:12/06/2026 ‌
موزهیر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی باس لەوە دەكات، هیچ ئاماژەیەك بۆ ئامادەكردنی بودجەی ئەمساڵ نییە  و دەشڵێ‌، "ئامادەكاریی بۆ بودجەی 2027 دەكرێت".

ئەمڕۆ هەینی 12ی حوزەیران موزهیر محەمەد ساڵح لە لێدوانێكی بۆ شەفەق نیوز باسی لەوە كردووە، ئەمساڵیش بەگوێرەی مادەی 13ی یاسای دارایی گشتی فیدڕاڵی ژمارە شەش كە لە 2019 دەرچووە، خەرجییەكانی عێراق بەڕێوە دەبرێن و كە بە رێژەی 1/12 ی مانگە رێگە بە خەرجكردنی داهات دەدات. 

ئەو لێدوانەی موزهیر محەمەد ساڵح لە چوارچێوەی راپۆرتێكی شەفەق نیوزە كە باس لەوە دەكات ئەمە چوارەم ساڵە لە دوای 2003 عێراق بێ بودجە بێت و راوێژكارەكەیش ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە تا ئێستە هیچ ئاماژەییەك نییە بۆ ئامادەكردنی بودجەی ئەمساڵ، بەڵام كار بۆ ئامادەكردنی بودجەی ساڵی داهاتوو 2027 دەكرێت.

چەند رۆژێك لەمەوبەر گوتەبێژی حكوومەتی عێراق باسی لەوە كرد بە هاوكاری بانكی نێودەوڵەتی كار بۆ ئامادەكردنی بودجە دەكرێت، بەڵام روونی نەكردەوە بودجەكە بۆ ئەمساڵ دەبێت یان ساڵی داهاتوو.

میدیاكانی عێراق و دەرەوە باس لەوە دەكەن 18 مانگە عێراق بێ بودجەیە، چونكە ساڵی رابردوویش 2025 خشتەكانی ساڵ لە چوارچێوەی بودجەی سێ‌ ساڵە رادەستی پەرلەمان نەكرا.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل