حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەنێوان ساڵانی 2019 – 2026، سەتان پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاریی، بە تێچووی چەندان تریلیۆن دینار، لە سەرانسەری هەرێم جێبەجێ كردووە.
لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، 810 پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگاوبان، بە گوژمەی یەك تریلیۆن و 57 ملیار دینار لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، جێبەجێ كراون، بە هۆی تەواوبوونی ئەم پرۆژانە، 3,055 كیلۆمەتر ڕێگاوبانی نوێ لە هەرێم، دروست كراون و نۆژەن كراونەتەوە.
هاوكات، ئێستە 227 پڕۆژەی ستراتیجی لە قۆناغی جێبەجێكردندان، بە تەواوبوونیان 2,239 كیلۆمەتر ڕێگای نوێ، دروست دەكرێن و نۆژەن دەكرێنەوە، تێچووی ئەم پڕۆژانە، چوار تریلیۆن و 179 ملیار دینارە.
گرنگترین ئەم پرۆژانە بریتین لە:
- دووسایدی كۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل: بە گوژمەی 97 ملیار و 375 ملیۆن دینار (50%ی
كارەكانی تەواو بووە).
- دووسایدی كۆیە – هەولێر: بە گوژمەی 683 ملیار دینار (40%ی كارەكانی تەواو
بووە).
- ڕێگای كەلار – دەربەندیخان: بە گوژمەی 591 ملیار و 860 ملیۆن دینار (30%ی
كارەكانی تەواو بووە).
- دووسایدی دووكان – چوارقوڕنە: بە گوژمەی 260 ملیار و 699 ملیۆن دینار (16%ی
كارەكانی جێبەجێ كراوە).
هاوكات، لەپێناو سەلامەتیی هاتوچۆ و خزمەتگوزارییەكان، بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، لەم ماوەیەدا كارێكی زۆر لەسەر هێما و سەلامەتیی ڕێگاكان كراوە، لەوانە:
- هێڵكاریی 2,723 كیلۆمەتر ڕێگا.
- دانانی 19,342 هێمای هاتوچۆ و 62 كیلۆمەتر پەرژینی پارێزەر.
- دروستكردنی 59 پردی پیادە.
دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی ڕێگاكان لە هەرێمی كوردستان، لە سێ سەرچاوەی جیاوازەوە، بودجەی بۆ تەرخان كراوە، كە بریتین لە بودجەی وەبەرهێنان (بۆ پرۆژە گەورەكان)، بودجەی ئاسایی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و تەرخانكردنی 30%ی داهاتی وێستگەكانی كێش بۆ نۆژەنكردنەوەی ڕێگاكان.
ئەم دەستكەوتانە نیشاندەری ئەوەن، سەرەڕای تەنگژە داراییەكان، حكومەتی هەرێم، كەرتی ڕێگاوبانی وەك "شادەماری گەشەپێدان" كردووەتە لەپێشینەی كارەكانی، بۆ بەستنەوەی بازاڕەكانی هەرێم و ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران.