دەنگۆی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار تا چەند راستە؟

:: PM:09:12:13/06/2026 ‌

ئێستە عێراق لەبەر چەند هۆكارێك لە دۆخێكی خراپی ئابووری و داراییدایە، ئەوەش وای كردووە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو تەنگژە و ئاڵنگارییانەی هەیە حكوومەت بیر لە چەند رێگەیەك بكاتەوە، بەلایەنی كەم پاراستنی ئابووریی وڵات لە داتەپین، سەرچاوەیەك باسی راستودروستیی هەوڵەكانی حكوومەت بۆ زیادكردنی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار دەكات بۆ رزگاركردنی ئابووریی وڵات لەو دۆخە سەختەی تێی كەوتووە.

سەرچاوەیەك لە حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد كە گفتوگۆیەكی توند لەناو كایەكانی حكوومەتی عێراق هەیە بۆ چاوخشاندنەوە بە نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی كەمیی سیولە و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران، پێشنیاز كراوە بەهای دۆلارێك بۆ 1600 یان 1700 تا 2000 دینار بەرز بكرێتەوە، بەڵام عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی بە توندی پێشنیازەكە رەت دەكاتەوە، شارەزایانیش وریایی لەوە دەدەن ئەو رێوشوێنە شەپۆلێكی گرانیی نرخ دروست دەكات و توانای كڕینی هاووڵاتی لەناو دەبات و ئاستەكانی بێكاری و هەژاری زیاد دەكات و رەگوڕیشەی راستەقینەی تەنگژەكەش چارەسەر ناكات. 

بەپێی سەرچاوەكە، لەناو حكوومەتی زەیدی گفتوگۆیەكی توند زیاتر لە هەوڵی چاپكردنی پارە هەیە، كە بەم دواییە باس كرا، گەیشتووەتە ئاستی پێشنیازی رژد پێوەست بە چاوخشاندنەوەی بە نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی دارایی و دابینكردنی داهاتی زیاتر بە دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت، یەكێك لە پێشنیازەكان باسی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بۆ 1600 دینار دەكات، یەكێكی تر بۆ 1700 دینار و هەیشە بۆ 2000 دینار، بەڵام هیچ لەو پێشنیازانە وەرنەگیراون و تا ئێستەش مشتومڕیان لەسەرە، بەتایبەتی كە دەسەڵاتی دیاریكردنی نرخی دۆلار بۆ بانكی ناوەندی دەگەڕێتەوە، واتە پێویستی بە رێوشوێنی دارایی و نەختێنەیی ئاڵۆز هەیە و عەلی عەلاق پارێزگاری بانكەكە بە توندی گۆڕینی نرخی دۆلار رەت دەكاتەوە و لە ئەگەری بەردەوامیی گوشارەكانی سەری یان جێبەجێكردنی بە زۆر، هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی كردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل