بەمەبەستی پتەوكردنی پێوەندییەكان و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی كوردستان شاندێكی باڵای بازرگانی و وەبەرهێنانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە لە پێنج كەسایەتی و وەبەرهێنەری دیار پێكهاتوون، گەیشتنە هەولێر.
ئەمڕۆ دووشەم 15ی حوزەیران، د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی دەستەی وەبەرهێنان، بۆ "وشە" گوتی، ئەو شاندە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دیداریان دەبێت و كۆمپانیایەكی گەورەن كە بارەگایان لە 18 وڵات هەیە و ئامانجیش ئەوەیە پێوەندییە بازرگانیەكانی هەردوولا زیاتر پەرەی پێبدرێت.
دووپاتی لەوە كردەوە كە وەبەرهێنان لە كوردستان هەنگاوی زۆری بڕیوە و پێویستمان بەوەیە كە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی تر ببەستین تا هەنگاوی زیاتر بنرێت و وەبەرهێنەری زیاتر بۆ كوردستان رابكێشین.
بە گوێرەی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان، 169 كۆمپانیای ئەمەریكی لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون و لەو ژمارەیەیش، 155 كۆمپانیایان لە شاری هەولێر نیشتەجێن.