لە ماوەی رابردوو شاندێكی باڵای سەربازیی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و چاوی بە بەرپرسانی باڵای هەرێم و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێم كار دەكەن كەوت، لەوكاتەی بەغدا داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردن، هەرێم پێی وایە دابینكردنی سەلامەتی و پارێزراویی كێڵگە نەوتییەكان و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان هۆكارێكی سەرەكییە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردن و زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت.
مەهدی عەبدولكەریم توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات كە بەستنەوەی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم بە بوونی گەرەنتیی راستەقینەی تەناهی بابەتێكی كردەنی و دروستە، ئەوە تەنیا داواكاریی حكوومەتی هەرێم نییە، بەڵكو هی كۆمپانیا نەوتییەكانیشە كە لە هەرێم كار دەكەن، بۆ پاراستنیان لە هێرش و بۆردمانەكان.
روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق گەرەنتی بە هەرێم داوە بووەتە هۆی پێشوەچوون لە بابەتی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتن بۆیە لە دوو هەفتەی داهاتوو كاری رژد بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم دەكرێت و پێشبینی دەكرێت لە دوای تەواوبوونی گەرەنتییەكان بۆ حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان، دوای هەفتەیەك دەست بە هەناردنی نەوت بكرێتەوە، كە لە بەرژەوەندیی عێراقە و دەست پێكردنەوەی هەناردن لە رێگەی بۆری جەیهانی توركیا هۆكارێكی گرنگە بۆ سەقامگیری هەناردن و چالاكبوونەوەی ئابووری عێراق.