چێشخانەكانی سلێمانی بە لێشاو روو لە هەولێر دەكەن

:: AM:09:03:17/06/2026 ‌
لە ماوەی چەند مانگێكدا نزیكەی 10 چێشتخانەی سلێمانی لە هەولێر لقیان كردووەتەوە یان بە یەكجاری بۆ كاركردن هاتوونەتە هەولێر، شارەزایەكی ئابووریش دەڵێت، هەولێر شوێنی كەسابەتە و ئارامییەكەی وایكردووە رووی تێبكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی حوزەیران، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" لە سەرەتای ئەمساڵ تا ئێستە هەریەكە لە چێشخانەكانی كەباب سلێمانی، خوانی ئالا، وەستا ئاری، پاشای برنج، هیوا مەدحەت، خوانی سلێمانی، ستافی تەواوەتی چێشتخانەی گۆزە و چەندان شێف و چێشتخانەی تر روویان لە هەولێر كردووە.

هەژار حەسەن شارەزای ئابووری بۆ "وشە" دەڵێت، ئارامیی هەولێر و ئاستی بەرزی بژێوی، وایكردووە زۆربەی بڕاند و چێشتخانەكان لە هەولێر لقیان هەبێت.

زیاتر گوتی، خەڵكی لە هەولێر هێندە سەرقاڵی ژیانی خۆیانن، هێندە سەرقاڵی سیاسەت و كاری تر نین، بۆیە رێژەی بێكاری لە هەولێر كەمە و هەلی كار و ژیانكردنە زیاترە، بوونی ژیانێكی ئارامیش وایكردووە خەڵك زیاتر بۆ گەشت و كاركردن رووی تێبكەن.

باسی لەوەش كرد، بوونی رێژەیەكی چڕی دانیشتووان وایكردووە هەولێر زیاتر هەلی كاری تێدا بێت، ئەمەیش بەمانای داواكاری لەسەر پێویستی ڕۆژانە زیاد دەكات، بۆیە ئەو هەموو چێشتخانەیە روو لە هەولێر دەكەن و ئاستی فرۆشیان زۆرباشە.


وشە - رامیار جەواد