ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، هەفتەی داهاتوو بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە و سەرەتا رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت.
شێروان دووبەردانی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەیەكی سەربازیی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات. لیژنەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكانی هەرێم، بەشێوەیەكی مەیدانی كێڵگە نەوتییەكان بەسەر دەكەنەوە.
گوتی، ئامانج لەم سەردانە، دیاریكردنی جۆری سیستمی بەرگریی گونجاوە بۆ هەر كێڵگەیەكی نەوتی بەپێی تایبەتمەندی و سروشتی جیۆگرافیی شوێنەكە، بۆ ئەوەی كۆمپانیا نەوتییەكان بە سەلامەتی دەست بەكارەكانیان بكەنەوە.
"سەرۆك وەزیرانی عێراق دڵنیایی داوەتەوە كۆمپانیا نەوتییەكان لە كوردستان كە دەست بكەنەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت، لەمبارەیەشەوە رێكاری تەناهیی توندوتۆڵ بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان دەگیرێتەبەر."
ئەوەشی خستە ڕوو: ”هەفتەی داهاتوو كۆمپانیاكانی نەوت بە فەرمی دەست بە بەرهەمهێنان دەكەنەوە، بۆ قۆناغی یەكەم كۆمپانیاكان توانای بەرهەمهێنانیان دەگەیەننە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا."