لە ماوەی دواییدا تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق و سووریا سەردانی بەغدا و هەولێری كرد، ماڵپەڕێكی عەرەبی ئاماژە دەكات كە هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی باراك، دوو بارە دۆلار گەیشتوونەتە بەغدا، ئەوەش لە چوارچێوەی پاراستنی بەهای دیناری عێراقی و پاڵپشتیكردنی پرۆسەی هاوردەكردن و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، كە لە ماوەی رابردوو بەهۆی دروستبوونی كێشە لە هەناردنی نەوت هەڕەشەیان كەوتە سەر.
سەرچاوەیەكی نزیك لە حكوومەتی عێراق بە "عەرەبی جەدید"ی راگەیاند، ئەو دوو بارە دۆلارەی لە واشنتنەوە گەیشتوونەتە عێراق، لە دوای وەستانی رەوانەكردنی بۆ ماوەی چوار مانگ لە چوارچێوەی گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر بەغدا بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و پڕۆژەی هێشتنەوەی چەك تەنیا لای دەوڵەت و لێكهەڵوەشانەوەی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق هات.
بەپێی سەرچاوەكە ئەو دۆلارەی هاتووە، بریتییە لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق كە لە ئەمەریكا هەڵگیراوە، كە بەپێی بڕیارێكی پێشوو لە 2003، پارەی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە بانكی فیدراڵی ئەمەریكا دێتە هەڵگرتن، بۆ پاراستنی لە قەرزدەرەكان، ئەمەریكاش لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو بە شێوەیەكی رێك ئەو پارەیە بۆ عێراق دەگوازێتەوە، بەڵام لە چەند مانگی رابردوو بە تۆمەتی سوودبینینی تاران لە سیستمی دارایی عێراق بۆ دەربازبوون لە سزاكان وەستا، ئەوەش وای كرد بەهای دیناری عێراق لە بازاڕەكان داببەزێت، جیا لە دروستبوونی كێشە لە كەرتی تایبەت پێوەست بە پرۆسەی هاوردەكردنی بازرگانی و كاری كۆمپانیان، ئەو بڕە دۆلارەی بەم دواییە گەیشتووە بڕەكەی نەزانراوە، بەڵام بۆ چەند مانگێك بەشی عێراق دەكات.