"ئاساییبوونەوەی هەناردنی نەوتی عێراق پێویستی بە مانگێك و دووانە"

:: PM:07:28:20/06/2026 ‌


لە 28ی شوباتی رابردوو لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاتوچۆی دەریایی بە گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە وەستێتنرا، لەو ساتەوەی هەناردنی نەوتی عێراق 80% كەمی كردووە، بەرپرسانی عێراق ئاماژە دەكەن كە ئاساییبوونەوەی هەناردنی نەوتی عێراق لە دوای كردنەوەی گەرووی هورمز پێویستی بە مانگێك و دووان هەیە.

ئێستە  گەرووی هورمز لە دوای واژووكردنی یاداشتی لێكگەیشتنی ئێران و ئەمەریكا كراوەیە، وەك فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا رای گەیاند لە دوای كرانەوەی گەرووەكە 17 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەو رێگایەوە گەیشتووەتە بازاڕەكانی دنیا، هاوكات دوای كرانەوەی دەروازەی كرانەوە لە باشووری عێراق، كۆمپانیای نەوتی بەسرە داوای لە كێڵگەكانی باشوور، رمێلە و رۆژئاوای قورنە1 و رۆژئاوای قورنە2 و زوبێر و ئارتاوی كردووە بۆ گەیاندنی بەرهەمهێنانی رۆژانە بۆ ئەوپەڕی توانایان.

سالم روكابی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی "بلومبێرگ"ی راگەیاند، زیادكردنەوەی بەرهەمی كێڵگەكانی عێراق بە هەنگاو دەبێت و پشت بە دۆخی بەگەڕخستنی دەبەستێت، پێویستە كڕیاران كەشتی نەوتهەڵگر ئامادە بكەن، لای خۆیەوە عەلی نزار سەرۆكی كۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، ئێستە دوو كەشتی خەریكی باركردنی نەوتن لە باشوور و زیادبوونی خواست پێویست بە بوونی كەشتی زیاتر دەكات.

لای خۆیەوە باسم خزەیر وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای كرد كە قەبارەی هەناردنی نەوتی عێراق بە هەنگاو دەگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی و بەپێی ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی دەریایی بە گەرووی هورمز، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق پێشبینی ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنان و هەناردنی نەوتی عێراق لە ماوەی مكانگێك یان دووان دەكەن، پێش شەڕەكە بەرهەمهێنانی كێڵگەكانی باشوور سێ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بوو، ئێستە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل زیاد بووە و گەیشتووەتە 1.750 ملیۆن بەرمیل و لە رۆژانی داهاتوو دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە. 

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل