وەزیرێكی ئێران: كەرتی نەوت پابەندی ئەمەریكا بە ڕێككەوتن تاقی دەكاتەوە

:: AM:09:32:21/06/2026 ‌
وەزیری نەوتی ئێران ئەمڕۆ یەكشەم ئاشكرای كرد، كەرتی نەوتی ئێران دەبێتە خاڵی تاقیكردنەوە و یەكلاكردنەوەی هەر ڕێككەوتنێكی كۆتایی لە نێوان تاران و واشنتن، ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا پابەندی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكە بن.

ئاژانسی هەواڵی شانای سەربە وەزارەتی نەوت، لە زاری موحسین پاكنەژاد وەزیری نەوتی ئێران گواستیەوە و دەڵێ، كەرتی نەوت لە دوای قۆناغی گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی، تاقیكردنەوەیەكی یەكلاكەرەوەی پابەندبوونی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ڕێككەوتنەكە دەبێت.

زیاتر گوتی، ئەو كەرتە لە ئێران دەتوانێ دەرفەتی ئابووری و وەبەرهێنانی گەورە بۆ ئابووری و گەورە كۆمپانیاكانی دنیا بڕەخسینێت، دەكرێ سەتان پڕۆژەی وەبەرهێنان و گرێبەستی هونەری و بەكارخستن لەو سێكتەرە لەگەڵ ئێران واژوو بكرێت.

ئەو قسانەی وەزیری نەوتی ئێران لە كاتێكدایە كە لە یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمەریكا بە وردی ئەوە خراوەتە ڕوو، لە هەنگاوی یەكەمدا ئەمەریكا گەمارۆی سەر فرۆشتنی نەوتی ئێران هەڵدەگرێت، هاوكات سندووقێكی وەبەرهێنان بە بڕی 300 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لە ئێران دادەنێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د