بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، نرخی هێلكە لە هەرێمی كوردستان دابەزی و ئێستە كارتۆنێك هێلكە بە 45 هەزار دینارە لەكاتێكدا چەند مانگی رابردوو كارتۆنێك گەیشتە 60 هەزار دینار.
ئەمڕۆ یەكشەم 21ی حوزەیران، دڵدار نەجاڕ خاوەنی كۆگای خواردن، بۆ "وشە" گوتی، ئەمڕۆ نرخی هێلكە بە تەواوی دابەزیوە كارتۆنێك بە 45 هەزار دینارە لەكاتێكدا چەند مانگی پێشوو گەیشتبووە 60 بۆ 70 هەزار دینار.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی هێلكە پلەكانی گەرمایە و ئێستە لە ماركێتەكاندا شەش بۆ حەوت هێلكە بە هەزار دینارە كە پێشتر تەنیا چوار هێلكە بە هەزار دینار بوو.
لای خۆیەوە فیراس سدیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رای گەیاند، ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان یەك شانە هێلكە، كە 30 دانە هێلكەی تێدایە بە پێنج هەزار دینارە، واتە شەش هێلكە بە هەزار دینارە، لە كاتێكدا پێشتر چوار هێلكە بە 1000 دینار بوو.