خزمەتگوزاریی جیاكردنەوەی خێزان لە پسوولەی خۆراكی ئەلیكترۆنی كارا كرا

:: PM:03:59:22/06/2026 ‌
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رای گەیاند، خزمەتگوزاریی جیاكردنەوەی خێزان لە پسوولەی خۆراكی ئەلیكترۆنی لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كارا كرا.

ئەمڕۆ دووشەم 22ی حوزەیران، تاڵب حەسەن نیعمە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون، لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رای گەیاند كە خزمەتگوزارییەكە لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، نەینەوا، كەركووك، بەسرە، زیقار، میسان، دیوانییە، موسەننا، سەڵاحەدین، ئەنبار، كەربەلا، نەجەف كارا كراوە.

دووپاتی كردەوە كە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتدایە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكانی پسوولەی خۆراك و هێنانەكایەی ئاسانكاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان، ئەوەش لە رێگەی بەكارهێنانی سیستمە تەكنەلۆجیا هاوچەرخەكانەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پێشتر ئەم خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییە لە پارێزگاكانی بەغدا، واست، بابل و دیالە خرابووە كار، بەڵام ئێستە پڕۆژەكە لە تەواوی وڵاتدا گشتگیر كراوە و سەرجەم هاووڵاتییان دەتوانن لە لقەكانی پسوولەی خۆراك لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بن.




وشە - وشه‌