بەردی بناغەی كارگەی "داسن" بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییە پزیشكییە شلەكان و موغەزی دانرا

:: AM:11:58:23/06/2026 ‌
 لە رێوڕەسمێكدا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناخەی كارگەیەك بۆ پیشەسازیی دەرمان دانرا، پڕۆژەكە بە گوژمەی 22 ملیۆن و 250 هەزار دۆلار جێبەجێ دەكرێت و بڕیارە لە ماوەی 36 مانگدا تەواو ببێت و دەست بە بەرهەمهێنان بكات.

ئەمڕۆ سێشەم 23ـی حوزەیران، لە رێوڕەسمێكدا  د. سامان بەرزنجی  وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گوتارێكی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر هەنگاوەكانی چاكسازی لە كەرتی دەرمان.

سامان بەرزنجی گوتی، "ئەمڕۆ بەشدارین لە راگەیاندنی یەكێك لە پڕۆژە هەرە گرنگ و ستراتیجییەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەویش پڕۆژەی دروستكردنی كارگەی دەرمان و پێداویستیی پزیشكییە لە بوارەكانی ژیناو و موغەزییەكان.

گوتیشی، ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێكی گرنگە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی كابینەی نۆیەم بۆ هاندانی كەرتی تایبەت و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی."

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان كەمتر پشت بە هاوردەكردنی پێداویستییە پزیشكییەكان ببەستێت و ئاسایشی دەرمان لە ناوخۆدا زیاتر پارێزراو بێت.

د. سامان بەرزنجی باسی لە پرۆسەی چاكسازی و كۆنترۆڵكردنی بازاڕی دەرمان كرد لە هەرێمی كوردستان و رای گەیاند، "كابینەی نۆیەم بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، چاكسازییەكی ریشەیی لە كەرتی دەرماندا كردووە كە پێشتر بەشێوەیەكی ناڕێكخراو و بێ بنەما كاری تێدا دەكرا".

وەزیری تەندروستی گوتی: "لە رابردوودا دەرمانی قاچاخ و ساختە بەبێ سەرچاوەی باوەڕپێكراو دەهاتە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێستە توانراوە بە تەواوی كۆنترۆڵی ئەم بوارە بكرێت. لە رێگەی 12 رێنوێنی نوێوە، سەرجەم كارگەكانی دەرمان، كۆمپانیاكانی هاوردەكردن، كۆگەكان و دەرمانخانەكان رێك خراونەتەوە."


 



وشە - سۆران عەزیز