بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق روو لە زیادبوونە

:: PM:08:36:23/06/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ ئاساییبوونەوەی رێژەیی هاتوچۆی دەریاوانی بە گەرووی هورمز لە دوای واژووكردنی یاداشتی لێكگەیشتنی ئێران و ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوو، هەناردنی نەوتی عێراق، بەتایبەتی لە بەندەرەكانی باشوور روو لە زیادبوونەوە، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی لە كێڵگەكانی باشوور روو لە هەڵكشانە و گەیشتووەتە 2.1 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

دوو بەرپرسی عێراق لە بواری نەوت رایان گەیاند كە لە دوای زیادبوونی ژمارەی كەشتییە نەوتبەرەكانی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی باشووری عێراق زیادی كردووە و گەیشتووەتە ئاستی 2.1 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، ئەو بەرپرسە عێراقییانە بە ئاژانسی "رۆیتەز"یان راگەیاند كە زیادبوونەكە لە ئەنجامی زیادبوونی بەرهەمهێنانە لە كێڵگەی رمێلە، كاتێك بەرهەمهێنانی ئەو كێڵگە گەیشتووەتە 1.1 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، هاوكات بەرهەمی كێڵگەی زوبێر 120 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیادی كردووە و گەیشتووەتە 320 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

بەم دواییە سالم روكابی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی "بلومبێرگ"ی راگەیاند، زیادكردنەوەی بەرهەمی كێڵگەكانی عێراق بە هەنگاو دەبێت و پشت بە دۆخی بەگەڕخستنی دەبەستێت، پێویستە كڕیاران كەشتی نەوتهەڵگر ئامادە بكەن، لای خۆیەوە عەلی نزار سەرۆكی كۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، ئێستە دوو كەشتی خەریكی باركردنی نەوتن لە باشوور و زیادبوونی خواست پێویست بە بوونی كەشتی زیاتر دەكات.

لای خۆیەوە باسم خزەیر وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای كرد كە قەبارەی هەناردنی نەوتی عێراق بە هەنگاو دەگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی و بەپێی ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی دەریایی بە گەرووی هورمز، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق پێشبینی ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنان و هەناردنی نەوتی عێراق لە ماوەی مكانگێك یان دووان دەكەن، پێش شەڕەكە بەرهەمهێنانی كێڵگەكانی باشوور سێ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بوو، ئێستە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل زیاد بووە و گەیشتووەتە 1.750 ملیۆن بەرمیل و لە رۆژانی داهاتوو دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل