نرخەكان لە ئەمەریكا فڕیون و خەرجی تەنیا یەك ڕۆژی هاندەرانی یانەكان دوو هەزار دۆلارە، بەوەش هاواریان لێ هەستاوە و راگەیاندنەكانیش دەڵێن، گرانترین مۆندیالە لە مێژوودا.
خەرجیی رۆژانەی هاندەرانی مۆندیالی 2026 كە لە ئەمەریكا و مەكسیك و كەنەدا بەڕێوە دەچێت، هاندەرانی یانەكانی شۆك كردووە.
بەپێی ئاماری خەرجی هاندەرانی یانەكانی مۆندیالی 2026 بۆ چوونە ناو یاریگە، هاندەر دەبێت بڕی هەزار و 250 دۆلار تەنیا بۆ بلیت خەرج بكات، ئەگەر ئۆتۆمبێلی پێ بێت و لە گەراج رای بگرێت، دەبێت كرێی گەراج 400 دۆلار بدات.
لەناو یاریگەش تەنیا بوتڵێك ئاو یان كۆكاكۆلا نرخی 10 دۆلارە، بۆ ژەمێكی ئاسایی خواردن دەبێت 16 دۆلار بدات، لەفەیەكی پەتاتە نرخەكەی گەیشتووەتە 22 دۆلار.
شوێنە تایبەتەكانی ناو یاریگە بوونەتە باسی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەڵێن گرانییەكەی بێ ئەندازەیە، نرخی شوێنی تایبەت لەناو یاریگەكان گەیشتووەتە 345 هەزار دۆلار، ئەم گرانییە هاواری لە هاندەرانی یانەكان هەستاندووە و رۆژانە نیگەرانیی خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەردەبڕن.
هاندەرانی تیپەكان دەڵێن وەرزشیش بووەتە بازرگانی و بۆ خەڵكی هەژار نەماوە و دەبێت لەمەودوا تەنیا لە ماڵەوە لە تیڤییەكان تەماشای مۆندیال بكەین.