ئەمڕۆ چوارشەم 24ی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاوی کردەوە، نرخی زێڕ زیانێکی بێپێشینەی لە دوای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2025ەوە تۆمار کرد، بە جۆرێک نرخی یەک ئۆنسە بۆ کەمتر لە 4000 دۆلار دابەزی.
ئەم زیانانە دوای ئەوە دێن کە پێشتر لەمڕۆدا نرخی زێڕ بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەدا دابەزی، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و زیادبوونی پێشبینییەکانی وەبەرهێنەران بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لە ئەمەریکا.
لە مامەڵە خێراکاندا نرخی زێڕ بە ڕێژەی 1.1% بۆ 4064.01 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی، دوای ئەوەی پێشتر نزمترین ئاستی لەوەتەی 11ی ئەم مانگەوە تۆمار کرد، لە کاتێکدا گرێبەستە دواخراوەکانی زێڕی ئەمەریکا بۆ مانگی ئاب بە ڕێژەی 1.7% بۆ 4080.80 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشبینییەکانی بازاڕ سەبارەت بە توندکردنەوەی سیاسەتی نەختینەییی ئەمەریکا بەرز بووەتەوە، بەو پێیەی داتاکانی ئامرازی "CME FedWatch" دەریانخستووە کە بازرگانان پێشبینیی سێ جار بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لە ساڵی 2026دا دەکەن، بەراورد بە پێشبینییەکانی پێشوو کە ئاماژەیان بە تەنیا یەک جار بەرزکردنەوە دەکرد.
هەروەها بەهێزیی دۆلار گوشارەکانی سەر ئەو کانزا گرانبەهایەی زیاتر کرد، چونکە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵدا، ئەمەش وای کردووە زێڕ بۆ کڕیارانی دەرەوەی ئەمەریکا گرانتر بێت.
لەسەر ئاستی کانزا گرانبەهاکانی تریش، نرخی زیو بە ڕێژەی 1.6% بۆ 61 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی، و پلاتین بە ڕێژەی 1.2% بۆ 1632.04 دۆلار دابەزی، هاوکات پالادیۆم بە ڕێژەی سەدا یەک بۆ 1225.35 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی.