حەوت مانگە بەغدا داهاتی دەروازە سنوورییەكانی كوردستانی بۆ 70% كەم كردووەتەوە

:: AM:10:10:25/06/2026 ‌
نزیكەی حەوت مانگە جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان 70% كەمی كردووە، ئەمەش بەهۆی كێشەی نێوان هەولێر بەغدا لەبارەی سیستمی ئەسیكۆدا.

لە سەرەتادا بەغدا هەوڵی دا  هەموو  مەرجەكانی بەسەر هەرێمدا لەبارەی دەروازە سنوورییەكان بسەپێنێت، بەڵام رژدبوونی حكوومەتی هەرێم لەسەر مافەكانی كوردستان وایكرد دۆخەكە بەشێوەیەكی تر بگۆڕێت، ئێستە كە هەردوولا رێككەوتوون، بەمزووانە داهاتە دەروازەكان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات.

بەپێی بەدواداچوونی "وشە" لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا، دەروازەكانی كوردستان بەتایبەت ئیبراهیم خەلیل كە داهاتی لە هەموو دەروازەكانی تر زیاتر بوو، 70% دابەزیبوو، ئەمەش وایكردبوو بەتەواوی داهاتی ناوخۆ كەم بێتەوە و كاریگەریی خراپی دروست كردبوو، بەڵام لە مانگی داهاتووەوە پێشبینی دەكرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرز ببێتەوە.

پێشتر بەهۆی بڕیارێكی حكوومەتی عێراق و جێبەجێنەكردنی سیستمەكە، بازرگانان تووشی كێشەی زۆر دەبوون، لەوانە راگرتنی كاڵاكانیان، دواكەوتن، هەروەها هەندێك جاریش دووبارە وەرگرتنی باج لە خاڵە پشكنینەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق. بەجێبەجێكردنی سیستمەكە ئەو كێشانە نامێنن، جووڵەی بازرگانی لە جاران خێراتر دەبێت و كۆمپانیانكان ئاسانكاریی زۆریان بۆ دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، زیاتر لە هەزار كۆمپانیا بەهۆی بڕیارەكانی حكوومەتی عێراق زیانیان پێگەیشتووە، چاوەڕێ دەكەن بەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، كێشەكانیان چارەسەر بكرێت و كارەكانیان دەست پێ بكەنەوە و باری داراییان ببووژێتەوە.



وشە - سۆران عەزیز