وەزارەتی نەوتی عێراق دووپاتی دەكاتەوە، بە هیچ شێوەیەك لە عێراق باسی كشانەوە لە رێكخراوی ئۆپێك نەكراوە، بەڵكو دووپاتی ئەوە كراوەتەوە دەبێت پێداچوونەوە بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی حوزەیران،
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق كە ناوی ئاشكرا نەكرابوو، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو، عێراق داوای لە ئۆپێك كردووە ئاستی بەرهەمەكەی بۆ بەرز بكرێتەوە، بە شێوەیەك بتوانێ چارەسەری تەنگژەی ئابووری عێراق بكات. بەگوێرەی بەرپرسەكە دووپاتی ئەوەیش كراوەتەوە ئەگەر ئەو داوایەی عێراق جێبەجێ نەكرێت، ئەوا تاوتوێی كۆمەڵێك بژاردە دەكرێت و یەكێك لە بژادەكانیش كشانەوەیە لە رێكخراوی ئۆپێك.
كەچی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە، وەزارەتی نەوت روونكردنەوەی داوە و دەڵێ، "ئەوەی باس دەكرێت لەبارەی ئاماژەدان بە كۆتایی ئەندامێتی لە رێكخراوی ئۆپێك، ئەمە رەنگدانەوەی هەڵوێستی فەرمی عێراق نییە و نە سەرۆكی حكوومەت و نە حكوومەتی عێراق پێشنیاری بابەتی كشانەوەیان نەكردووە".
وەزارەتی نەوت باسی ئەوەیش دەكات، هاوئاهەنگی هەیە لە ناو ئەندامانی ئۆپێك بۆ پێداچوونەوە بە ئاستی بەرهەمی عێراق، بەشێوەیەك لەگەڵ تواناكەی بگونجێت.
ئۆپێك كورتكراوەی ناوی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوتە، ئەو رێكخراوە لە ساڵی 1960 لە بەغدا دامەزراوە و عێراق ئەندامی دامەزرێنەرە.