عێراق دووەم بەرهەمهێنەری نەوتە لەناو گرووپی ئۆپێك و خاوەن یەكێكە لە گەورەترین یەدەگی غازی لە دنیا، هاوكات بە دەست دەیان تەنگژەی قووڵەوە دەناڵێنێت، لەوانە دارایی و ئابووری و بانكی، قەرزێكی زۆری دەرەكی و ناوخۆیی لەسەرە و كورتهێنانێكی گەورە لە بودجەكەی هەیە، دامەزراندن و پڕۆژەكانی وەستاون، شارەزایەك پێی وایە تەنیا زیادبوونی بەرهەم و داهاتی نەوت رەنگدانەوەیان لەسەر ژیانی خەڵك نییە.
ناسر تەمیمی شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات، زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەكردنی راستەوخۆ رەنگدانەوەیان لەسەر ژیان و بژێوی خەڵك نییە، چونكە داهاتی زۆری نەوت كاریگەریی نابێت تا ئەوكاتەی نەخرێتە ناو پڕۆژەی پەرەپێدان و چاكسازیی ئابووری نەكرێت، نەتوانێت خزمەتگوزاری باش بكات و هەلی كار دابین بكات، تا ئێستە عێراق نیوچە تەواوەتی پشت بە نەوت وەك سەرچاوەی سەرەكیی داهات و بودجە دەبەستێت، ئەوەش وای كردووە ئابوورییەكەی بكەوێتە ژێر كاریگەریی هەڵبەز و دابەزینی بازاڕ و نرخی نەوت.
روونی كردەوە، لە چەند ساڵی رابردوو عێراق داهاتی گەورەی لە فرۆشتنی نەوت هەبووە، كەچی هاووڵاتییان وەك پێویست رەنگدانەوەی ئەو داهاتە زۆرەیان لەسەر ژیانیان بەدی نەكردووە، ئەوەش بەهۆی ئاڵنگارییەكان لە ئیدارەدانی سەرچاوە داراییەكانت و زیادبوونی خەرجیی بەكارخستن و زۆریی مووچە و پاڵپشتیی حكوومەتییەوە، كە بەشی زۆری داهاتی نەوت دەچێتە دابینكردنی خەرجییەكان.
تەمیمی دووپاتی كردەوە، ئەوە لەوكاتەی پارەی تەرخانكراو بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان لەوەی پێویستە بۆ پڕۆژەكانی ژێرخان و خزمەتگەزارییەكان كەمترە، بۆیە زیادكردنی بەرهەمهێنان و هەناردنی نەوت تەنیا پێوەری راستەقینە بۆ پەرەپێدان نییە، مەگەر پلانی روونی ئابووری بۆ جۆراوجۆركردنی سەرچاوەی داهاتی لەگەڵدا بێت، پێوەری سەركەوتنی ئابووری تەنیا بە قەبارەی هەناردنی نەوت ناپێورێت، بەڵكو بە ئاستی رەنگدانەوەیەتی لەسەر ئاستی بژێوی هاووڵاتییان و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەشیان دەكرێت، بۆیە گەورەترین ئاڵنگاری لە عێراق بریتییە لە توانای بەڕێوەبردنی سامانی نەوت.